سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بەشداری کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان دەکات
کوردسات نیوز
١٠ی ئابی ٢٠٢٢
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، کۆبوونەوەکە کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ لە سەرۆکایەتی ھەرێم دەستپێدەکات و لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دیاریکردنی رۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و چارەسەرکردنی گرفتی بەردەم ھەڵبژاردنەکە دەکرێت.
پێشتریش دڵشاد شەھاب ڕاوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاندبوو: کۆبوونەوەکەی سەرۆکایەتی ھەرێم بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی یەکەمی حزبەکان و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەڕێوەدەچێت.
دڵشاد شەھاب ئەوەشی ڕوونکردەووە، بۆ دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردن پێویستی بە کۆدەنگی ھەموو لایەک ھەیە، ھەروەک پێش ئەوە پێویستە تاوتوێی میکانیزمەکانی ھەڵبژاردن بکرێت و ئاستەنگەکانی بەردەمی لاببرێت.
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لەکاتێکدایە کە پێشتر و لە رۆژانی ٢٦ی ئایار و ٩ی حوزەیرانی ئەمساڵ، لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم لەسەرۆکایەتی ھەرێم بۆ بڕیاردان لەسەر رۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە، بەڵام ھەردوو کۆبوونەوەکە بێ ئەنجام بوون.



