ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبای ھەرێم بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، لەئێستادا وەزارەتی کارەبا ملیۆنێک و ٧٧٠ ھەزار ھاوبەشی ھەیە،  ئەو ھاوبەشانەی کارەباش لە ھاوڵاتیان و فەرمانگە و شوێنە بازرگانییەکان زیاتر لە تریلیۆنێک دینار قەرزاری وەزارەتن.

راشیگەیاند، نەگەڕانەوەی ئەو قەرزە، کاریگەری زۆری لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆژەکان دروستکردووە، چونکە بە پێی دەسەڵاتی وەزارەت ١٠% ئەو ترلیۆن دینارە بۆ وەزارەتە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆژەکان کە دەکاتە نزیکەی ١٠٠ ملیار دینار، ئەوەی تریشی دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەت.

سەبارەت بە رێکارەکانی وەرگرتنەوەی ئەو قەرزە لەلای ھاوبەشانی کارەبا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لەماوەی رابردوودا بە داشکاندنی ١٥%ی قەرزەکان پارەی کارەبا لە ھاووڵاتیان وەردەگیرایەوە، یاخود بەرەچاوکردنی رەوشی دارایی ھاووڵاتیان بە قیست ئەو پارەیە لە ھاووڵاتیان وەردەگیرێتەوە.