لە عێراق و ھەرێم پلەکانی گەرما زیاتر بەرزدەبنەوە
کوردسات نیوز
١٢ی تەمووزی ٢٠٢٢
دەستەی کەشناسیی عێراق بڵاوکردەوە، ئەمڕۆ لە ھەردوو پارێزگای بەسڕە و میسان، بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو، دەگاتە ٤٧ پلەی سیلیزی، لە ھەولێر و سلێمانییش دەگات ٤١ پلە و لە دھۆکیش ٤٢ پلە.
ڕاشیگەیاند، لە ڕۆژی چوارشەممەوە پلەکانی گەرما زیاتر بەرزدەبنەوە و خۆڵبارینێکی کەم پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاست دەگرێتەوە و لە ڕۆژی ھەینی لە پارێزگاکانی باشوور چڕتر دەبێتەوە و مەودای بینین لە ھەندێک ناوچە، بۆ کەمتر لە یەک کیلۆمەتر کەم دەبێتەوە.
ھاوکات بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ کەشی ئاسمان ساماڵ دەبێت و بەرزترین پلەی گەرماش لە گەرمیان دەبێت بە ٤٥ پلە.
لەبارەی خۆڵبارینیشەوە ڕایگەیاند، سبەی چوارشەممە تۆزێکی سووک بە تایبەتی لە باشووری پارێزگای کەرکوک و ناوچەکانی گەرمیان لە کاتەکانی ئێوارەدا ڕوودەدات.