کاروان گەزنەیی: ماددەی خراپ ھاوردە دەکرێت بەڵام ڕێگری لە شیری منداڵ دەکرێت
کوردسات نیوز
١١ی تەمووزی ٢٠٢٢
کاروان گەزنەیی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاندووە، بە پێی یاسا شیری وشک، زەیت، خواردنەوە کحلوییەکان و ڕۆن پێویستیان بە بڕیاری ڕاستەوخۆی وەزارەتی تەندروستی ھەیە کە بڕیاریداوە بە ڕاگرتنی ھاوردەکردنی ئەو مادانە لە دەرەوەی ڕێگەپێدانی وەزارەت.
دەشڵێت، دوای ساڵێک و لە بەرژەوەندی چەند بازرگان و کۆمپانیایەک تەنھا شیری منداڵان ڕێگری لێدەکرێت، بەڵام ڕۆژانە بە تانکەر خواردنەوەی کحولی، زەیت و ڕۆن بە ڕێگەپێدانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دھۆک و بە بێ گەڕانەوە بۆ ڕێگەپێدانی وەزارەتی تەندروستی ھاوردە دەکرێت، لە کاتێکدا ئەو شیرانەی ڕێگرییان لێکراوە ھەموویان مارکەی نێودەوڵەتی دانپێداندراون، ئەو شیرانەشی کە لە ناوخۆ بەرھەمدەھێندرێن، زۆربەیان تەنانەت مەرجە تەندروستییەکانیشییان تێدا نییە.
کاروان گەزنەیی ڕاشیگەیاندووە، ئەو بڕیارە لە پێناو چەند بازرگان و بەرپرسێکە، پێویستە وەزارەتی تەندروستی بە زوویی ئەو بابەتە چارەسەر بکات لە بەرژەوەندی گشتی، بە پێچەوانەوە کەیسەکە دەبەنە دادگا و سەرجەم بەڵگەکان دەدەنە داواکاری گشتی لە بارەی شیر و ڕۆن و زەیت و خواردنەوە کحولییەکان.