لەو رێوڕەسمەدا کە لەبارەگای فەرماندەیی ھێزەکانی (٧٠) بەئامادەبوونی خانەوادە و کەسوکاری شەھیدان بەڕێوەچوو، ھەریەک لەھەڤاڵان جەلال شێخ ناجی سەرۆکی دەزگای ئاژانسی پاراستن و زانیاری - زانیاری ھەرێمی کوردستان و وەستا ڕەسوڵ لێپرسراوی مەڵبەندی پێشمەرگە و لیوا عومەر ساڵح سەرۆکی دەستەی ئەرکانی ھێزەکانی ٧٠ و لیوا مەریوان محەمەد فەرماندەی ھێزەکانی پشتیوانی دوو و ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە و پلە باڵای سەربازی ئامادەبوون، باس لە کارەسات و برینی سارێژنەبووی ھەکاری کرا و یادی شەھیدانی کارەساتەکە بەرز و پیرۆز راگیرا، ھاوکات بەڵێنی درێژەدان بەخەباتەکەیان و ئەو رێبازەی لەپێناویدا شەھیدبوون، دووپاتکرایەوە.

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد ھەر لەمیانەی رێوڕەسمەکەدا چەپکە گوڵی رێز و وەفای لەبەردەم وێنەی ھەرچوار شەھیدەکە دانا.

لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا دووپاتکرایەوە کە یەکێتی ئەو ھێزە سیاسیەیە کە کارەساتی ھەکاری راینەگرت و ئێستا یەکێکە لە ھێزە سەنگین و راستەقینە سیاسیەکانی کوردستان کە مێژووەکەی بە قوربانیدانی زیاتر لە ٢٠ ھەزار پێشمەرگەی شەھیدی سەنگەر و بەرخودان پرشنگدارە و قافڵەی کاروانەکەی بەشەھیدانی کارەساتی ھەکاری دەستیپێکرد.

لای خۆشیەوە، وەستا ڕەسوڵ ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و لێپرسراوی مەڵبەندی پێشمەرگە، لە وتەیەکدا سوپاسگوزاری خۆیانی دەربڕی بۆ ھەڵوێستی وەفاداری و دڵسۆزانەی شاناز ئیبراھیم ئەحمەد و رایاگەیاند: کارەکەت وەفاداری و دڵسۆزانەیە بۆ شەھیدان و خانەوادەکەیان و جێگەی رێز و پێزانیمانە.