بە پێی ڕاگەیەنراوێکی ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆیان لە بارەی پڕۆژە یاساکە کردووە و بە زۆرینەی دەنگ پەسەندیان کردووە، سەبارەت بە گرنگی پڕۆژە یاساکەش، قوباد تاڵەبانی سوپاسی وەزارەتی کار و  کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی پلاندانان و ھەموو ئەو لایەنانەی کە بەشداربوون لە داڕشتنی ئەم یاسایە کرد.

وتیشی، یاساکە یەکێکە لە یاسا ھەرە گرنگەکان و بە ھاوکاری ڕێکخراوی جیھانی کار و پشتبەست بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان داڕێژراوە و ھەموو بنەماکانی مافی مرۆڤ و یەکسانی ڕەگەزی تێدا پارێزراوە.

جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ڕاشیگەیاندووە، لە ڕێی ئەو یاسایەوە، بە شێوازێکی ڕێکخراوتر و باشتر مامەڵە لەگەڵ کرێکاری بیانی دەکرێت و مافەکانیان پارێزراوتر دەبێت، لەگەڵ ڕەچاوکردنی مافەکانی کرێکاری خۆماڵی لە پرسی دابینکردنی ھەلی کار بۆ دەستی کاری خۆماڵی و ڕێکخستنی گرێبەستی کار و کاتەکانی دەوام کردن و مۆڵەت وەرگرتن.

قوباد تاڵەبانی جەختیشی کردووەتەوە، بە پێی پڕۆژە یاسای نوێی کار، مافی منداڵ و ژن پارێزراوتر دەبێت.