ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دوابەدوای کۆبوونەوەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، حکومەتی فیدڕاڵی، بە نادەستوریی بڕیاری ڕاگرتنی خەرجکردنی بەشە بودجەی ھەرێمی داوە و لەمساڵدا تەنیا دوو جار پارەی بۆ ھەرێم ناردووە.

ڕاشیگەیاندووە، حکومەتی فیدڕاڵی فشاری ناڕەوا دەکات تا ڕێگربێت لەو داھاتەی کە ھەرێم خۆی دەستی دەکەوێت لە داھاتی نەوتی و ناوخۆی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھیچ شێوەیەک، دەستبەرداری ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی ھەرێم نابن و داکۆکی لە مافەکانیان دەکەن و ملکەچی ھیچ فشار و ھەڕەشەیەکی حکومەتی فیدراڵیش نابن کە دەیەوێت مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل بکات.