وەزارەتی تەندروستی ھەرێم ئامادەکارییەکانی بۆ رۆژانی جەژنی قوربان راگەیاند
کوردسات نیوز
٦ی تەمووزی ٢٠٢٢
ئامادەکارییەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی لە ڕۆژانی پشووی جەژنی قوربان پیرۆز ...
لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بەمەبەستی ئامادەکاری و بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی لەڕۆژانی پشووی جەژنی قوربانی پیرۆز، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکانی تەندروستی ڕاسپێردراون کە پابەند و جێبەجێکردنی ئەم ڕێکارانەی خوارەوە بکەن:
١. دانانی لێژنەی بەدواداچوون لەسەرجەم بەرێوەبەرایەتی گشتی و نەخۆشخانەکان.
٢. بۆھەر کارێکی پێویست و لەنەکاو پێویستە ھێڵی گەرمی پەیوەندی ھەبێت.
٣. لەکاتی پێویستدا کۆگاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی کراوەبن لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان.
٤. پابەندبوونی پزیشکانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین و خولاو و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی بە دەوامی ئێشکگری.
٥. ڕووماڵ و ھاتنەژوورەوەی ڕاگەیاندن تەنھا لەڕێگای ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەراتیەکان دەبێت.
٦. ئاماری ڕۆژانە دەبێت لەماوەی (٢٤) سەعات لە ڕێگەی پەیوەندی مۆبایلەوە لە (٨) ی بەیانی تاکوو (٨) بەیانی ڕۆژی دواتر ڕەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەراتیە گشتیەکان.
٧. ڕۆژانە فۆرمی تایبەت بە ئامارەکان ڕەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکان.
٨. ئامادەباشی بۆ ئەمبولانس و دابینکردنی گاز و بەنزین و سوتەمەنیەکان بکرێت.
٩. بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پڕۆژەکانی خاوێنکردنەوە و دابینکردنی خۆراک بکرێت.
١٠. ھێڵەکانی مۆبایلی بەرپرس و (مستلم)ی بەشەکان کراوە بێت و وەڵام بدرێتەوە.
١١. نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و نۆرینگە دەرەکیەکان کراوەبن و ھەموو سەردان و زانیاریەکان تایبەت بە نەخۆش تۆمار بکرێت.
١٢. سەنتەرەکانی پێدانی چارەسەری کیمیاوی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە پێویستە بەشێوەی ئێشکگری کراوە بێت.
١٣. سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە پێویستە بەشێوەی ئێشکگری کراوە بێت.
١٤. تیمەکانی فریاگوزاری و ھێڵی (١٢٢) بەردەوام دەبن لە ئەرک و کارەکانیان بەشێوەی (٢٤) کاتژمێری وە ھۆبەی پزیشکی فریاکەوتن خشتەی دابینکردنی تیمەکانی دادەنێت بۆ شوێنەکانی پێویست و گەشتیاری.
١٥. تیمەکانی (پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشیە گوازراوەکان و چاودێری تەندروستی) بەردەوام بن لە بەدواداچونەکانیان بەشێوەی ئێشکگری.
١٦. پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان بەردەوام بێت.
١٧. بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکانی پشکنینی کۆرۆنا و چارەسەری.
١٨. دانانی میکانیزمی گونجاو بۆ پێدانی ڤاکسین لەڕۆژانی پشوو لەکاتی پێویست.
بە ھیوای جەژنی شادی و سەلامەتی بۆ ھەمووان ...
وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی ھەرمی کوردستان
٦ تەمموز ٢٠٢٢