بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربانی پیرۆز و قەرەباڵغی بازاڕەکان، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی پلانێکی ئەمنی توندوتۆڵی داڕشتووە، بەمەبەستی پاراستنی سەروماڵی ھاوڵاتیان‌و ڕێگریکردن لەھەر ڕووداوێکی نەخوازراو بەتایبەتی تاوانی دزیکردن، لەچوارچێوەی ئەو پلانە ئەمنییەدا مەفرەزەکانی نوسینگەی ناوبازاڕی بەشی پۆلیسی نەھێشتنی تاوان حەوت تۆمەتباریان لەناو بازاڕی شاری سلێمانی دەستگیرکرد کە گیرفانی ھاوڵاتیانیان بڕیبوو.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەئێستادا ھەریەک لەتۆمەتباران (ا، س) لەدایکبووی ١٩٩٣، (ع، م) لەدایکبووی ١٩٨١، (م، ا) لەدایکبووی ٢٠٠٧، (ر، ا)، لەدایکبووی ١٩٦٥، (س، ێ) لەدایکبووی ١٩٨٣، (ا، گ) لەدایکبووی ١٩٨٢ و (ع، م) لەدایکبووی ١٩٦٩ بەبڕیاری دادوەرو بەپێی مادەی ٤٤٦ لەیاسای سزادا ڕاگیراوان ‌و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.