وەزیری پلاندانان: ھەموو ھەوڵێکی حکومەت بۆ ڕەخساندنی ھەلی کارە بۆ گەنجان
کوردسات نیوز
٥ی تەمووزی ٢٠٢٢
(د. دارا ڕەشید) وەزیری پلاندانان لە ڕێورەسمی بەخشینی بڕوانامەی کۆتایی خولی میکانیکی بۆ فێرکردن و ڕاھێنانی توانای گەنجان لە بواری ئۆتۆمبێل کە لە ھەولێر بەڕێوەچوو ڕایگەیاند، لە ڕێگەی ھەمواری دوو پڕۆژە یاسا، ھەنگاوی زۆرباش دەنێن بۆ دەستەبەرکردنی مافی کرێکاران و ھەموو ئەوانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن.
وتیشی، دەستەبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینی کەرتی تایبەت بنەمایەکی گرنگ و ھاوتەریبی کار دەبێت بە بێ جیاکاری لەناو گەنجان و لاوان.
حکومەتی ھەرێم ھەوڵدەدات لە ڕێگەی پەرەپێدانی کەرتی تایبەت دەرفەتەکانی دامەزراندن بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان زیاتر بکات و لە ماوەی ڕابردووشدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ھەمواری یاسای خانەنشینی کرد و بڕیاردرا یاساکە بە جۆرێک ھەموار بکرێتەوە کارمەندانی کەرتی تایبەتیش بە ھەمان شێوەی کارمەندانی کەرتی گشتی خانەنشین بکرێن و ماف و ئیمتیازاتی کارمەندانی کەرتی تایبەت و گشتی ھاوتا دەکرێت.