لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو، باسی دۆخی سیاسی عێراق و بەربەستەکانی بەردەم پێکھێنانی حکومەتی نوێ کرا و جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لەوەی پێویستە لایەنە کوردستانییەکان بە یەکدەنگی بەشداری لە دانووستانەکاندا بکەن. داواشیکرد لایەنە عێراقییەکان لەپێناو پاراستنی سەقامگیری عێراقدا ئاستی داواکارییە حیزبییەکانی خۆیان کەم بکەنەوە و لە جیاتی ئەوە گفتوگۆ بکەن لەسەر چارەسەری بنەڕەتی کێشەکانی حکومڕانی و کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا.

لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە کلتوری و زانستییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی روسیا کرا. باس لە پێویستی پێکھێنانی دامەزراوەیەکی تایبەت کرا بۆ دروستکردنی پەیوەندیی زانستی لەنێوان زانکۆکانی کوردستان و زانکۆکانی روسیا و بۆ ئەمەش خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی روسیا ئەندام بن لەو دامەزراوەیەدا تا رۆڵی زیاتر ببینین لە بەھێزکردنی پەیوەندی کلتوری و رۆشنبیری و زانستی لەنێوان دوو وڵاتدا.

ھەر لەم چوارچێوەیەدا باس لە چۆنییەتی زیادکردنی زەمالەی خوێندن بۆ خوێندکارانی کورد کرا لە زانکۆکانی روسیا و کۆنسوڵی روسیا ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ دابینکردنی ژمارەیەکی زیاتری زەمالەی خوێندن بۆ خوێندکارانی ھەرێم.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەسەر دروستکردنی پەیوەندیی لەنێوان مۆزەخانەکانی کوردستان و روسیا. کۆنسوڵی روسیا ئاماژەی بەوەدا پلانیان ھەیە بەم نزیکانە سەردانی سلێمانی و مۆزەخانەی سلێمانی بکات بۆ دروستکردنی پەیوەندیی و ھاوکاری لەنێوان مۆزەخانەی سلێمانی و چەند مۆزەخانەیەکی روسیا.