لەو بارەیەوە سامان سیوەلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی دووشەممە یەکەم ڕۆژی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی پۆلی دوازدەی ئامادەییە لە ھەرێمی کوردستان بە ھەموو بەشەکانی زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنی ئیسلامی، کە ١٠٧١٣٥ خوێندکار تێیدا بەشدار دەبن و بەسەر ٢١٧٥ ھۆڵی ئەزموونی دابەش کراون".

وتیشی، ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی کارەبا کراوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئیدارەی کارەبای پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان ھەماھەنگ بن و ڕاسپێردراون بۆ ئەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ھاوڕا بن و ناونیشانی ھۆڵە ئەزموونییەکان بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبا بدەن تا لە کاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان کارەبایان بۆ فەراھەم بکەن.

وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ باشتربەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان و دروستکردنێکی کەش و ژینگەیەکی ئارام، ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کراوە بۆ ئەوەی ڕۆژانی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان کۆمپانیاکان ھێڵەکانیان لە کاتژمێر ٦:٣٠ی بەیانی تاوەکو کاتی تەواوبوونی تاقیکردنەوەکان ڕابگرن.