وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند، پیرۆزبای لە دانانی بەردی بناغەی ١٠٠٠ قوتابخانەی نوێ دەکەن لە چوارچێوەی ڕێککەوتنامەی عێراقی-چینی و نیگەرانی خۆی دەربڕی لە بێ بەشکردنی ھەرێمی کوردستان لەو پرۆژەیە.
وەزارەتی پەروەردە ڕاشیگەیاند، " نوسراومان ژمارە ٣٧٤ لە ٢٣ ی ١١ ی ٢٠٢٠ ئاراستەی وەزارەتی پەروەردەی عێراقی فیدرالمان کردووە، پارێزگارە بەڕێزەکانی کوردستان لەسەردانی شاندی عێراقی بۆ چین ئامادەبوون و ئەو رێکەوتننامەیە بۆ ھەموو عێراق و عێراقییەکانە."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتوە، ئێستا زیاتر لە ١٨٠٠٠٠، سەد و ھەشتا ھەزار قوتابی ئاوارەی ناوخۆیی لە ھەرێمی کوردستان دەخوێنن و بەشێکی زۆری قوتابخانەکانی ھەرێمی کوردستانیان بۆ تەرخانکراوە، بە جۆرێک قوتابخانەی یەک دەوامی بووەتە دوو دەوامی و دوو دەوامی بووەتە سێ دەوامی. وەزارەتی پەروەردە داوای ١٠ دە ملیار دیناری عێراقی کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو قوتابخانانە و حکومەتی عێراقی فیدرال ڕەتی کردووەتەوە.