عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە تائێستا هیچ پلانێکیان بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمەریکا نییە، هەروەها پێشوازیش لە بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رافائیل گرۆسی ناکەن.
ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدا دێت کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا هەفتەی رابردوو رایگەیاند گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران دەستپێدەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەی جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل کۆتایی پێهات.
عراقچی سەبارەت بە داوای رافائیل گرۆسی بۆ سەردانی ئێران وتی: “ئێران هیچ پلانێکی نییە بۆ پێشوازی لێی، لە بوون و هاتنی پشکنەرانیش دەکۆڵینەوە بە وردی و دەبێت لەگەڵ یاساکانی ئێران بگونجێت.”
خامنەیی ترەمپ تۆمەتبار دەکات:
عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە یەکەم دەرکەوتنیدا پاش جەنگی 12 رۆژە، ترەمپی بەوە تۆمەتبار کرد کە “زیادەڕەویکردووە لە هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکانی هێرش بۆسەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران.”
خامنەیی“ستایشی سەرکەوتنی وڵاتەکەی بەسەر ئیسرائیل” کرد و بەڵێنیدا “ئێران خۆی رادەستی ئەمەریکا ناکات.”
پێشنیازی 30 ملیار دۆلاری ئەمەریکا
بەپێی راپۆرتی تۆڕی CNN ی ئەمەریکی، ئیدارەی ترەمپ پێشنیازێکی پێشکەش بە ئێران کردووە تا بە پشتیوانی داراییی وڵاتانی کەنداو وێستگەی ئەتۆمیی ئاشتییانە دابنێت، کە 30 ملیار دۆلار تێچووی دەبێت.
دوای هێرشی ئەمەریکا لە 22ی حوزەیران بۆسەر شوێنە ئەتۆمییەکان، ترەمپ ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵاتی راگەیاند کە لە رۆژی سێشەممەوە جێبەجێ کراوە.