لە راگەیەندراوێکی لیژنەی باڵای ئەزموونە گشتییەکانی پۆلی ١٢ ئامادەیی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمدا ھاتووە، ھەموو ئەو قوتابی و خوێندکارانەی مافی بەشداربوونیان بەدەستھێناوە لە تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢١ -٢٠٢٢ خولی یەکەم بە ھەموو بەشەکانییەوە دەتوانن لە رێگەی ئەم لینکەوە ناو و ھۆڵی ئەزموونی خۆیان بناسن و بزانن لە چ قوتابخانە و خوێندنگە و زانکۆیەک تاقیکردنەوە ئەنجام دەدەن. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە خوێندکاران دڵنیاببنەوە لە ناوی چواری و زمانی خوێندنیان و دروستی کۆدی ئەزموونەکانیان و تەواوی داتا ئاماژەپێکراوەکان. 


وەزارەتی پەروەردە راشیگەیاندووە، پرسیارەکان بەگوێرەی ئایین و زمانی خوێندنیان دیاریکراوە، لەکاتی بوونی ھەر ھەڵەیەک تا رێکەوتی ٢١ی ٦ی ٢٠٢٢ پێویستە سەردانی قوتابخانە و پەروەردەی قەزای خۆیان بکەن بۆ راستکردنەوەی ھەر ھەڵەیەک ئەگەر ھەبێت، لیژنەی باڵای ئەزموونە گشتییەکان بەرپرسیار نابێت لەبوونی ھەر ھەڵەیەک لەدوای رێکەوتی ئاماژەپێکراو.