فراکسیۆنی یەکێتی ئیدانەی پێشێلکارییەکانی تورکیا لە عێراق دەکات
١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، پێشێلکردنی سەروەری خاک و ئاسمانی عێراق بەشێوەیەکی بەردەوام لەلایەن تورکیاوە مایەی قەبوڵکردن نییە، ئەو ڕەفتارانەی تورکیا بووە بە بارگرانی لەسەر وڵاتانی ئیقلیمی و نێو دەوڵەتی، فراکسیۆنی یەکێتیش بەتوندی ئیدانەی و مەحکومی دەکات.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا ھاتووە، تورکیا لە سۆنگەی ھزری دژایەتیکردنی دراوسێکانی، بۆ جێبەجێکردنی پلانە دزێوەکانی ھەر ڕۆژە و سوچێکی ئەم وڵاتە دەکاتە ئامانج، دوێنی لە شەنگال و ئەمڕۆ لە کەلار کۆمەڵێک خەڵکی بێتاوان بە ناھەق شەھیدبوون.
ھاوکات فراکسیۆنی یەکێتی، دوا لە حکومەتی عێراق دەکات بە ئەرکە نیشتیمانییەکەی ھەڵبستێت و سەروەری دەوڵەت و گیان و موڵکی ھاووڵاتیان بپارێزێت و سنورێک بۆ ئەو کردەوانەی تورکیا دابنێت.