لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی تەندروستی ھەرێم دەڵێت، پلانی فراوان بۆ ڕێکارەکانی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیەکانی سکچوون و ڕێگەگرتن لە نەخۆشی کۆلێرا دەگیرێتەبەر و ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکانی تەندروستی پارێزگا و ئیدارەکان دەکرێت.

دەشڵێت، "بۆ چڕکڕدنەوەی کاری پێویست بۆ چالاکردنی لێژنەکانی فەرمانگە و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و تیمەکانی دۆزینەوەی حالەت و پەتازانی و توانای تاقیگە و پشکنین و دەرمان و پێداویستی پزیشکی و نەخۆشخانەکان بۆ پێشوازیکردنی تووشبووان لەگەڵ ھەماھەنگی کردن لەگەڵ وەزارەتەکانی شارەوانی و کشتوکاڵ و فراوانکردنی ھەڵمەتی ھۆشیاری تەندروستی بۆ ھاوڵاتیان لەڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و مامۆستایانی ئاینی بەڕێز و چاودێریکردنی شوێنە گشتیەکان لەناو بازاڕ و چێشتخانە و سەرچاوەکانی ئاوخواردنەوە."

لەگەڵ گۆڕینی کەش و ھەواو بەرزی پلەکانی گەرما ڕێژەیەکی زۆری حاڵەتی سکچون و ڕشانەوە لە نێو گەورە ساڵان و منداڵاندا بڵاوبوەتەوە پزیشکان و پسپۆڕانی تەندروستیش ڕێنمایی خۆپارێزی دەدەن بە ھاوڵاتیان بە ڕەچاوکردنی چەند ڕێنماییەک:

١ -بەکارنەھێنانی ئەو بەروبومانەی بەئاوی پیس ئاو دەدرێن
٢- شوشتنەوەی سەوزەو میوەبەباشی بەماددەی پەرمەنگەناتی پۆتاسیۆم
٣- بەکارنەھێنانی ئەوخواردن و خواردنەوانەی دڵنیانیت لەپاکو خاوێنی
٤- دڵنیابون لەسەرچاوەی ئاوی خواردنەوەو پاکڕاگرتنی
٥- شوشتنی دەستەکان بەباشی بە ئاوسابون دوای دەست لێدان لەو کەرەستانەی دڵنیانیت لە پاکیان