لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی پێنج شەممە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو و کۆنسوڵی ئەمریکا لە ھەولێر ئامادەبوو، جێگری سەرۆک وەزیران پیرۆزبایی لە ئەلینا رۆمانۆسکی کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە عێراق و ھیوای خواست لە ماوەی کارکردنیدا ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا لە بوارە جیاوازەکاندا بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

لە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی سیاسی عێراق و ئاستەنگەکانی بەردەم پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرا، قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە مەترسییەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی عێراق رایگەیاند لایەنە عێراقییەکان پێویستە ڕەچاوی ھەستیاری دۆخەکە بکەن و بە نەرمی نواندن و کەمکردنەوەی ئاستی داواکارییەکانیان ڕێگری بکەن لە تێکچوونی سەقامگیری عێراق. داواشیکرد وڵاتی ھاوپەیمان و دۆستانی عێراق ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕن لە نزیکردنەوەی بۆچوونی لایەنە عێراقییەکان.

لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا کرا، جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لەوەی پێویستە ھەردوولا بەیەکجاری ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن و لەسەر ھەموو بابەت و کەرتەکان رێککەون.

لە کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی ئەمریکا پشتگیری تەواوی ئەمریکای بۆ ھەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و جەختی کردەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا و ستایشی ھەوڵەکانی جێگری سەرۆک وەزیرانیشی کرد بۆ بەگژداچوونەوەی توندوتیژی خێزانی.