هاوکات پارێزگاری سلێمانی، ھەڤاڵ ئەبوبەکر رایگەیاند، لە سبەینێوە ڕۆژانە لە ٣٣ بەنزینخانەی سنوری پارێزگای سلێمانیدا، دەست بە دابەشکردنی بڕی زیاتر لە ملیۆنێک لیتر بەنزین دەکرێت و لەسەرەتای ئەم پڕۆسەیەدا لەسەر بنەمای ژمارەی تاک و جووت دەبێت.

بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە سلێمانی لەگەڵ ھەڤاڵ ئەبوبەکر و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و بەڕێوەبەرێتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی و گەرمیان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی بڕیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی بەنزینی نۆرماڵ بەنرخی ٨٠٠ ھەشت سەد دینار بۆ لیترێک کرا.

لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا ھاتووە، "بەڕێوەبەرێتی نەوت و کانزاکان و لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەت ڕاسپێردران بە چاودێریکردنی وردی قەبارەو کوالیتی و نرخ و دابەشکردنی بەسەر بەنزینخانەکاندا، بەشێوەیەک کە بە کوالیتی باش بگاتە دەستی ھاوڵاتیان."

لەھەمان کاتدا جەخت لەسەر ھەموو کارئاسانیەکی کارگێڕی و دارایی و تەکنیکی بۆ ھێنانی بەنزینی بازرگانیی لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان لە لایەن بازرگانانەوە بەمەرجی پاراستنی کوالیتی کرایەوە. ئەولەویەت بە دابینکردنی بەنزین بۆ ئۆتۆمبێلی تەکسی و ھێڵی گواستنەوەی گشتی دەبێت و دواتر ھەموو ئۆتۆمبیلێک دەگرێتەوە.