دوو پڕۆژەی ئاو لە سلێمانی و ھەڵەبجە جێبەجێ دەکرێن
کوردسات نیوز
١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، بە بودجەی ٦ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار دۆلار دوو پڕۆژەی ئاو لە سلێمانی و ھەڵەبجە جێبەجێ دەکرێن کە بەشێکی زۆری کێشەی ئاو لەو دوو شارەدا چارەسەر دەکەن.
وتیشی، ئێستا بەشێکی پڕۆژەکان کەوتوونەتە بواری کارکردنەوە، پڕۆژەکەی سلێمانی لە قۆناغی تاقیکردنەوەدایە و کۆتایی ئەم مانگەش ھەردوو پڕۆژەکە بە ڕەسمی دەکرێنەوە.
بە پێی لێدوانی بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، پڕۆژەکەی سلێمانی بریتییە لە ڕاکێشانی بۆریی ٦٠٠ ملم لە نێوان تاسڵوجە تا خەزانی سەرەکیی ئاو لە سەنتەری شاری سلێمانی لە نزیک سەرچنار و پڕۆژەکەی ھەڵەبجەش بریتییە لە گۆڕینی تۆڕی ئاوی دوو گەڕەک و چارەسەرکردنی ئاوەڕۆی چەند شوێنێکی سەنتەری شارەکە.