فایەق زێدان ستایشی ھەوڵەکانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی کرد
کوردسات نیوز
١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بەغداد چاویکەوت بە فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە دیدارەکەدا "فایەق زێدان" بەگرنگییەوە باسی لە رۆڵ و پێگەی سەرۆک مام جەلال کرد و رایگەیاند، عێراقی نوێ دەبێت سوپاسگوزاری سەرۆک مام جەلال بێت، چونکە کۆکەرەوەی ھەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەکان بوو. ھەروەھا ستایشی ھەوڵەکانی سەرۆک بافڵی کرد کە لە ماوەی رابردوودا رۆڵێکی ئەرێنی بینیوە لە یەکخستنی ھێز و لایەنە سیاسییەکان و ھۆکارێک نەبووە بۆ دروستکردنی پشێوی و دووبەرەکی، وتیشی بەم ھەنگاوە دروست و کاریگەرانەدا، سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال دێتەوە یاد و دڵنیان یەکێتی درێژەپێدەری ئەو رێبازە دەبێت.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانیش داوای لە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری کرد، رۆڵی مێژوویی خۆیان بگێڕن و پارێزەری مافی عێراقییەکان بن بە نەتەوە و پێکھاتەکانەوە، ھەروەھا ھاوکار بێت بۆ داکۆکیکردن لە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان.
ھاوکات جەخت لە دەسەڵاتی دادوەری و سەربەخۆیی دادگاکان کرایەوە و گفتوگۆش کرا لەبارەی یەکخستنی ھەوڵەکان و تەواوکردنی رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار بە بەشداری ھەموولایەنە سیاسییەکان.



