ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە، رایگەیاند کە میکانیزمێکی نوێ بە بەشداریی نێوەندگیرەکان بۆ سەرپەرشتیکردنی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە لوبنان دامەزراوە.
بەقایی لە لێدوانێکدا وتی: میکانیزمێکی نوێ بە بەشداریی نێوەندگیرەکان بۆ چاودێریکردنی کۆتاییهێنان بە جەنگی لوبنان پێکهێنراوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە: پێشکەوتنی باشمان بەدەستهێناوە لە پرسی دەرکردنی مۆڵەت بۆ فرۆشتنی نەوت و ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکان.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە سویسرا لەسەر هەنگاوی گرنگ بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکانی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی رێککەوتووین، وتیشی: "پێویستە رێگە بە هەناردەکردنی نەوت و ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانمان بدرێت بۆ ئەوەی بچینە ناو دانوستانەکانی رێککەوتنی کۆتاییەوە.
لەکۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە: کاری تیمەکانی دانوستان لەم قۆناغەدا کۆتایی هاتووە، بەڵام تیمە تەکنیکییەکان بەردەوام دەبن لە کارەکانیان.