شێخ حسێن حەمەساڵح، نوێنەری دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە یۆنان، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر ژێر ئاوکەوتنی یەختێکی کۆچبەران لە نزیک دوورگەی سانتۆرینی یۆنان، تەرمی سێ کۆچبەری کورد بە چەند قۆناغێکی جیا جیا لە لایەن پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنان دۆزرانەوە و ناسنامەی کۆچبەرەکانیش بەمشێوەیە:

ئەمیرە عوسمان خدر، دانیشتووی قەزای بازیان، تەمەن ٣٣ ساڵ، ھەناسە ھەژار محەمەد دانیشتووی قەزای کۆیە، تەمەن پێنج ساڵ، رێژوار رێبوار عەبدوڵا، دانیشتووی قەزای کۆیە، تەمەن ھەشت ساڵ. 

شێخ حسێن حەمەساڵح راشیگەیاند، دوای کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر بێسەرشوێنبووان و ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی بۆ کەسوکاریان و رادەستکردنی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان، تەرمی کۆچبەرەکان دەگەڕێندرێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، کە لە ماوەی رابردووشدا تەرمی شەش کۆچبەری تر گەڕێندرانەوە، وتیشی، تا ئێستا دۆسێی سەرجەم بێسەروشوێنبووانی ئەو رووداوە و رووداوەکانی ساڵانی رابردوو بە کراوەیی ماون و بەردەوام دەبن لە بەدواداچوونەکانیان بەمەبەستی ھاوکاری و کارئاسانی بۆ کەسوکاریان.