بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، بە ئامانجی پێشوازیکردن لە نەخۆش و چارەسەرکردنیان بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لەسەر ڕاسپاردەی (د.سەباح نەسرەدین ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی) دوایی چەندین کۆبونەوەو گفتوگۆ لەگەڵ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکان و لیژنەی زانستی بەڕێوەبەرایەتی،  بە پێویست زانرا  نەخۆشخانەی د.شەھید ھێمن ناسراو بە جمورییەکە بەڕوی ھاوڵاتیانی شاری سلێمانی بکاتەوە بۆ بونی ھەر کەیس و حاڵەتێکی سکچون و ڕشانەوە کە پێویست بە داخڵبون بکات.

ئەوەش ھاتوە، ئامانج لەو ھەنگاوەش بۆ ئەوەیە تا بتوانرێت ئەو فشارە زۆرە و سەردانیکردنەی ھەیە کەم بێتەوە لەسەر نەخۆشخانەکانی شار، د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵان و ناوەندە تەندروستییەکانی دیکە کە بەڕوی ھاوڵاتیاندا کراونەتەوە، بۆیە لە سبەی چوارشەممەوە ھاوڵاتیان دەتوانن سەردانی نەخۆشخانەی شەھید د.ھێمن بکەن.

لەگەڵ گۆڕینی کەش و ھەواو بەرزی پلەکانی گەرما ڕێژەیەکی زۆری حاڵەتی سکچون و ڕشانەوە لە نێو گەورە ساڵان و منداڵاندا بڵاوبوەتەوە پزیشکان و پسپۆڕانی تەندروستیش ڕێنمایی خۆپارێزی دەدەن بە ھاوڵاتیان بە ڕەچاوکردنی چەند ڕێنماییەک:

١ -بەکارنەھێنانی ئەو بەروبومانەی بەئاوی پیس ئاو دەدرێن
٢- شوشتنەوەی سەوزەو میوەبەباشی بەماددەی پەرمەنگەناتی پۆتاسیۆم
٣- بەکارنەھێنانی ئەوخواردن و خواردنەوانەی دڵنیانیت لەپاکو خاوێنی
٤- دڵنیابون لەسەرچاوەی ئاوی خواردنەوەو پاکڕاگرتنی
٥- شوشتنی دەستەکان بەباشی بە ئاوسابون دوای دەست لێدان لەو کەرەستانەی دڵنیانیت لە پاکیان