راگەیەندراوێک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان
کوردسات نیوز
١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستاندا ئاماژەبەوەکراوە، لە سەر داوای وەزیری نەوتی عێراق، دادگای بازرگانی (الکرخ) لە بەغداد، ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی کە لە چوارچێوەی ھەرێمی کوردستان دا کار دەکەن بانگ کرد لەوانەش کۆمپانیای DNO، وێسترن زاگروس، HKN، شاماران، گەنەڵ ئێنێرجی، ئاداکس و گۆلف کیستۆن، کە گرێبەستەکانیان بە پێی یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧ی نەوت و گازی کوردستان واژوو کراوە و ئەو یاسایەش بە پێی ماددەکانی دەستووری عێراقی لە لایەن پەرلەمانی کوردستان دەرچوێنراوە.
راشیگەیاندووە، بانگ کردنی دادگای (الکرخ)، دوایین زنجیرە ڕێوشوێنی نایاساییە، کە لەلایەن وەزیری نەوتی حکومەتی کاربەڕێکەرەوە لە بەغدا گیراوەتەبەر و وادیارە ئەو کارە نایاساییانەش لەسەر بنەمای بڕیارێکی دادگایەکی بەغدایە کە خۆی بە "دادگای باڵای فیدراڵی" ناودەبات.
دەقی راگەیەندراوەکە...
لە سەر داوای وەزیری نەوتی عێراق، دادگای بازرگانی (الکرخ) لە بەغدا، ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی کە لە چوارچێوەی ھەرێمی کوردستان دا کار دەکەن بانگ کرد (استدعاء). لەوانەش کۆمپانیای DNO)، وێسترن زاگروس، HKN، شاماران، گەنەڵ ئێنێرجی، ئاداکس و گۆلف کیستۆن(، کە گرێبەستەکانیان بە پێی یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧ی نەوت و گازی کوردستان واژوو کراوە و ئەو یاسایەش بە پێی ماددەکانی دەستووری عێراقی لە لایەن پەرلەمانی کوردستان دەرچوێنراوە.
بانگ کردنی دادگای (الکرخ)، دوایین زنجیرە ڕێوشوێنی نایاساییە، کە لەلایەن وەزیری نەوتی حکومەتی کاربەڕێکەرەوە لە بەغدا گیراوەتەبەر و وادیارە ئەو کارە نایاساییانەش لەسەر بنەمای بڕیارێکی دادگایەکی بەغدایە کە خۆی بە "دادگای باڵای فیدراڵی" ناودەبات. ئەو بەناو "دادگای باڵای فیدراڵی"یە، لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢ و بە پاڵنەرێکی سیاسی بۆچوونێکی دەرکرد کە مەبەست لێی پووچەڵکردنەوەی یاسای نەوت و گازی ساڵی ٢٠٠٧ی کوردستان بووە، کە ھیچ دادگایەک لە بەغدا دەسەڵاتی ئەوەی نییە بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات.
ڕۆژی ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٢، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتی یاسادانان و سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی دادوەری ھەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و بڕیاری ١٥ی شوباتیان ڕەتکردەوە. ڕۆژی ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، ئەنجومەنی دادوەری کە باڵاترین دامەزراوەی دادوەرییە لە ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا پشتگیری لە ڕەوایەتی یاسای نەوت و غازی ساڵی ٢٠٠٧ کرد و ڕایگەیاند، بە پێی ماددەی ٩٢ / بڕگەی دووەم لە دەستووری عێراقی فیدراڵ، پێویستە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسایەک بۆ دامەزراندنی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەربکات، بەڵام تا ئێستا ھیچ یاسایەکی لەو جۆرە دەرنەچووە، بۆیە "دادگای باڵای فیدراڵی" بە پێی دەستوور دانەمەزراوە، کەواتە ھیچ دەسەڵاتێکی دەستوری نییە بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات، و یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستانیش بە تەواوی بە بەرکاری دەمێنێتەوە.
لە ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، حکومەتی ھەرێمی کوردستان سکاڵایەکی یاسایی لە دادگای لێکۆڵینەوەی ھەولێر لە دژی بەڕێوەبەرێکی گشتی لە وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵی تۆمار کرد، بەھۆی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات و پێگەی خۆی ئەویش لە ڕێگەی ترساندن و ھەراسانکردنی ئەو کۆمپانیانەی کە لە ھەرێمی کوردستان کاردەکەن. بە بۆچوونی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە بە ناردنی نامەی ئەلیکترۆنی و نامە، مەبەستی ترساندنی و دەستوەردان لە مافی ئەو کۆمپانیایانە بووە لە گرێبەستەکانیان لە گەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان.
لە ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، دادگای لێکۆڵینەوەی ھەولێر بڕیاریدا کە ئەو داوایانەی لە دادگای بازرگانی (الکرخ) لەدژی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان تۆمار کراون، دەبێت بھێنرێنە دادگای لێکۆڵینەوەی ھەولێر، بۆ ئەوەی وەک بەڵگە بۆ ئەو سکاڵا تاوانکارییە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. ھەروەھا دادگای لێکۆڵینەوەی ھەولێر بڕیاریدا ھەر داوایەکی یاسایی لە دادگای (الکرخ) کە بۆ ئەو مەبەستە تۆمارکراوە دوابخرێت، ئەوەش بە پێی یاسای بنەماکانی دادگایی کردنی سزایی ژمارە (٢٣ ی سالی ١٩٧٩) عێراقی، بۆیە دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق کارەکانی دادگای مەدەنی ڕابگرێت تاوەکو ڕێکارەکانی دادگای لێکۆڵینەوە تەواو دەبێت و بڕیاری لە سەر دەدرێت. تەنانەت لە دوای تەواو بوونی لێکۆڵینەوە بە پشت بەستن بە ماددەی (٣٨) لە یاسای دادبینی شارستانی عێراقی ژمارە(٨٣ ی ساڵی ١٩٦٩) و بە پێی تایبەتمەدێتی شوێن (اختێاێ مکانی)، دەبێت ئەم داوایانە لە دادگا شارستانییەکانی ھەرێمی کوردستان دادبینی بۆ بکرێت و بڕیاری لە سەر بدرێت، چونکە کۆمپانیا داوا لێکراوەکان ھەر ھەموویان لە کوردستان تومار کراون و لە کوردستان کار دەکەن.
ھەروەھا لە ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، وەزیری سامانەسروشتییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، داوایەکی مەدەنی لەسەر وەزیری نەوتی حکومەتی فیدراڵ تۆمار کرد. بە بۆچوونی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بەپێی بڕگەکانی یاسای مەدەنی عێراقی، وەزیری نەوتی حکومەتی فیدراڵ بەرپرسیارە لە ناردنی نامەی ئەلیکترۆنی و نامە بۆ کۆمپانیاکان کە مەبەست لێی ترساندن و دەستوەردان بووە لە مافی کۆمپانیاکان لەو گرێبەستانەی کە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیانە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٢