لەگەڵ ئەوەی مانگی رابردوو تاقیکارییەک کرا بۆ پێداچوونەوە بە دابەشکردنی کارەبا، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا تاقیکارییەکە دووبارە بکرێتەوە بۆ ئەوەی ھەموولایەک دڵنیا ببنەوە لە دابەشکردنی دادپەروەرانەی کارەبا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، پێویستە تاقیکارییەکان وەرزانە و بەپێی گەرما و سەرما دووبارە بکرێتەوە و بۆ دڵنیایی ھاوڵاتیان پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکان چاودێری تاقیکارییەکان بکەن.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی داوای لە وەزارەتی کارەبا کرد میکانیزمێکی گونجاو بدۆزنەوە بۆ برەودان بە سۆلار سیستم لە ھەرێمی کوردستان بە جۆرێک کە ھانی وەبەرھێنەران بدرێت بۆ لەمەودا کارەبای کارگە و پڕۆژەکانی خۆیان لەڕێی سیستمی سۆلارەوە بەرھەم بھێنن و بەم شێوەیە ھەم یارمەتیدەر دەبن لە پاک ڕاگرتنی ژینگە و ھەم کارەبای زیاتر بۆ ھاوڵاتیان دابین دەکرێت.