لە کۆبونەوەکەدا کە ئەمڕۆ ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد ڕۆشنایی خستەسەر دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکان لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، ھەڵوێست و ستراتیژی یەکێتی بۆ کۆی پرسەکان روونکردەوە.

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی حزب و رووداو و پێشھاتەکانی ئێستا، بەرچاوڕوونیدایە ئامادەبووان و جەختی کردەوە، مەڵبەندەکان و کادرانی ڕێکخستن قەڵا و ھێزی یەکێتین و ستایشیکردن لەباش راپەڕاندنی ئەرکەکانیان لە گشت بوارەکاندا، ھاوکات ھانیدان بۆ داھاتوو بە پلان و بەرنامەی نوێ و بە یەک تیم کارەکانیان دابڕێژنەوە.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد لەبارەی ئەرک و بەرپرسیارێتی بەرپرس و کادر و ھەڤاڵانی مەڵبەندەکان لەم قۆناغەدا دوا و رایسپاردن کە بەرۆحیەتی یەکێتیانە ئەرکەکانیان رابپەڕێنن و وەک ھەمیشە لە کێشە و خەمی ھاوڵاتیانی سنورەکانیان بکۆڵنەوەو بەدەمیانەوە بچن.

لای خۆیانەوە، لێپرسراوی مەڵبەندەکانی (سلێمانی، چەمچەماڵ، شارەزوور، گەرمیان، راپەڕین)ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پوختەیەکیان لەبارەی کێشە و داواکانی ھاوڵاتیان و کادران و چالاکییەکانیان باسکردو بەگوێرەی سنورەکانیشیان سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان لەسەر پرسە باسکراوەکانی ناو کۆبونەوەکە خستەڕوو.

ھەر لەکۆبونەوەکەدا، ئاماژە بەوەش درا کە پێویستە بەدواداچوون بکرێت بۆ سەرجەم سێکتەرەکان و باشترین بژاردە و چارەسەر بۆ پرس و کێشە جیاجیاکان بدۆزرێتەوە.