خەتیب زادە: ھێرشەکەی سەر ھەولێر ئۆپراسیۆنێکی بچووک بوو و ئامانجەکەشی پێکاوە
کوردسات نیوز
١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
خەتیب زادە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێویستە عێراق رێگە نەدات خاکەکەی و سنورەکەی ببێتە ھەڕەشە لەسەر ئاسایشی ئێران، وتیشی، زانیاری تەواویان داوە بە لایەنی عێراقی لەبارەی ھەنگاوەکانیان، بە ئامانجکردنی پێگەی موسادیش لە ھەولێر ئۆپراسیۆنێکی بچووک بووە و ئامانجەکەشی پێکاوە.
لێدوانەکانی خەتیب زادە لە کاتێکدایە وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش رایگەیاندبوو، ئێران ھیچ بەڵگەیەکی رەسمی لەبارەی بوونی ئیسرائیل لە ھەولێر پێشکەش نەکردووە، ئاماژەی بەوەشکردبوو، تووشی سەرسوڕمانبوون کە تاران بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل، ھەرێمی کوردستانی ھەڵبژاردووە.
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، رایگەیاند، وەفدێکی عێراقی لەبارەی بۆردومانە مووشەکییەکەی ئێران بۆسەر ھەولێر، سەردانی تارانیان کردووە و بە لایەنی ئێرانیان وتووە، ئەگەر زانیاری پێشوەختیان لەسەر بوونی بنکەی موساد لە ھەولێر ھەبووە، بۆچی عێراقیان لێ ئاگادارنەکردووەتەوە.
وتیشی، تووشی شۆکبوون کە ئێران بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل ھەرێمی کوردستانی ھەڵبژاردووە و لە سەردانەکەشیان بۆ تاران، ئێران ھیچ بەڵگەیەکیان پێشکەشنەکردووە، لەبارەی بەکارھێنانی پێگەیەک لە ھەولێر لە لایەن دەزگای ھەواڵگریی ئیسرائیلەوە، کە لە مانگی ئازاری ئەمساڵ لە لایەن ئێرانەوە بە مووشەک کرایەئامانج.
راشیگەیاند، تاران پێشنیازی ھاتنی وەفدێکیان بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسێیکە کردووە، بەڵام ئەو وەفدە ھیچ سەردانێکیان ئەنجامنەداوە.