مەکتەبی سیاسی یەکێتی: تەکید لە یەکریزی لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکەینەوە
کوردسات نیوز
١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کورد لە سوریا، حزبێکی دێرین ولەمێژینەی رۆژئاوای کوردستانە، یەکەم پارتی سیاسی نەتەوەیی کوردییە لەرۆژئاوای کوردستان دامەزراوە و بەھەوڵ وتێکۆشان و قوربانیی خەباتی دەیان سەرکردە و ھاوڵاتی بەردەوامی پێدراوە، لەدیرۆکی ئەو بەشەی کوردستان جێدەستتان دیارە و شانازی زۆرتان بەردەکەوێت.
دەشڵێت، "ھەر لەم یادە پرشکۆیە سڵاو دەنێرین بۆ رۆحی مامۆستا حەمید دەروێش کە دێرینترین سیاسەتمەداری رۆژئاوای کوردستانە و ھاورێ و دۆستی دێرینی سەرۆک و رابەری کۆچکردوو مام جەلال بوو کە لە چەندین قۆناغ و وێستگەی ژیانیاندا پێکەوە خەباتیان بۆ مافە رەواکانی گەلەکەمان کردوە و خەباتی نەتەوەییان لەم دوو پارچەیە کوردستان گرێداوە."
راشیگەیاند، " تەکید لە یەکریزی و پێکەوەیی ھەموو لایەنە سیاسیەکان دەکەینەوە لە رۆژئاوای کوردستانـ ، ئەمە بە گرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان و مافی رەوای گەلەکەمان دەبینین، بۆیە ھانی ھەموو لایەن و ھێزە سیاسیەکان دەدەین بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەکەمان لە پێشەوەی ھەموو بەرژەوەندییەکان ببین و ناکۆکیەکانیان بەلاوەبنێن و یەکدەست و یەک ھەڵوێست بەرەنگاری ھەموو ئالنگارییەکان ببنەوە."