رێکارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی ھەرێم:

یەکەم/ پێویستە سەربڕینی ئاژەڵان لە سەربڕخانە فەرمییەکان بێت و بەپشکنین و مۆری فەرمی ڤێتەرنەری بکەوێتە بازاڕ و سەربڕین لە سەر ڕێگا و شەقام و لاکۆڵانەکان قەدەغەیە.

دووەم/ پشکنینی پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بۆ ئاژەڵەکان بکرێت بەمەبەستی دڵینابوون لە تەندروستییان.

سێیەم/ پێویستە ڕێکارە تەندروستییەکان لە پۆشینی جلوبەرگی تایبەتمەند و بەکارھێنانی کەلوپەلی سەربڕین لە سەربڕخانەکان ڕەچاو بکرێت.

چوارەم/پێویستە لە خاڵە سنووری و فڕۆکەخانەکان، پشکنینی ورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بکرێت کە دێنە نێو ھەرێمی کوردستان بۆ مەبەستی دڵنیابوون لە تەندروستییان.

پێنجەم/ وەزارەت ڕێکاری پێویست دەگرێتە بەر بۆ مەبەستی دابینکردنی دەرمانی شووشتنی ئاژەڵ بۆ لەناوبردنی مشەخۆر (قڕنە) کە ھۆکاری سەرەکیی گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشی تای خوێنبەربوونە لە نێوان ئاژەڵەکان و ئەم ھەڵمەتە ھەموو ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

شەشەم/ کۆنتڕۆڵکردنی دیاردەی بازرگانیی ئاژەڵان بە شێوەی نافەرمی لە  دەرەوە و نێو ھەرێم و عێراقی فیدراڵ، ھەروەھا ڕێگەگرتن لە ھێنانی ئاژەڵی ئەو پارێزگایانەی کە نەخۆشییەکە تیایاندا بڵاو بووەتەوە.