کاروان گەزنەیی لە بەرنامەی "تا ١"ی کوردسات نیوز رایگەیاند، لەکۆی ٤ ھەزار و ٢٢ کارگە، ٢ ھەزار و ٦٨ کارگە کار ناکەن واتە تەنیا ١٩٥٤ کارگە کارەکانیان نەوەستاوە.

کاروان گەزنەیی وتیشی، ھۆکاری داخرانی ئەو ژمارە زۆرەی کارگە ناوخۆییەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ھاوکاری دارایی ناکرێن و بەربەستیان بۆ دروست دەکرێت و ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی ئەو کارگانە رووبکەنە ناوچەکانی خوارووی عێراق.

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی دەشڵێت، لە ھەرێمی کوردستان ٢٩ ھەزار و ٥٠٠ کارگە ھەن، ٤ ھەزار و ٣٠٠ کۆمپانیایان بیانین و و رێژەی سەدا٨٠ی کارمەندەکانیان بیانین، لەکاتێکدا ٦٧٥ ھەزار ھاوڵاتی لە تەمەنی نێوان ١٤ ساڵ بۆ ١٨ بۆ چوار ساڵی داھاتوو بەدوای کاردا دەگەڕێن.

پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەدایە و بە ئامادەبوونی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی گفتوگۆ دەکات لەسەر گرانی نرخی کاڵا و شتومەک لە بازاڕ.

راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بڵاویکردەوە، کۆبونەوەکە بە ئامادەبوونی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم، لێژنەی وزە و سامانەسرووشتییەکان و پیشەسازی و بازرگانی دەبێت.

لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبووان ڕاپۆرتێک دەخەنەڕوو سەبارەت بە (گرانی بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستیی ڕۆژانەی ھاووڵاتییان) و گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای (بەرکارکردن و ھەموارکردنی یاسای فیدڕاڵی و واژۆی ئەلیکتڕۆنی و مامەڵە ئەلیکتڕۆنییەکان) دەکات.