لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا ھاتووە، سەرجەم ئامادەبووان کۆک بوون لەسەر زەروورەتی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی سەرکەوتووانە بە ‌جۆرێک کە بەرژوەندیی ھەرێمی کوردستان و برەودان بە پرۆسەی دیموکراسی لە سەرووی ھەموو بەرژەوەندییەکان بێت.

لایەنەکان بڕیاریاندا، " سکرتاریەتێک پێکبھێنرێت لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بە ھەماھەنگی لەگەڵ تیمی یۆنامی بۆ بەدواداچوون و بەردەوامیی ھەوڵەکان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و تا ڕێککەوتی ١ی تەمووزی ٢٠٢٢ ڕاپۆرتێک لەمبارەیەوە ئامادە بکات."

لەبارەی ھێرشەکەی شەوی رابردووی ھەولێر، یونامی و لایەنەکان سەرکۆنەیان کرد و داوایان لە حکومەتی عێراق کرد کە پێویستە کۆتایی بەم دەستدرێژییانە بھێنرێت و بە ھەماھەنگی و ھاوکاریی دەزگا ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان، ھەوڵی جددی بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ھێرشانە بدات.

" ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سوپاسی ھەوڵەکانی نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق و پەرۆشییان بۆ دۆخی ھەرێمی کوردستان و پرسی ھەڵبژاردنەکان کرد، ھەروەھا سوپاسی ئامادەبوونی لایەنە سیاسییەکان و بەدەنگەوەھاتنیان بۆ داوەتنامەی سەرۆکایەتیی ھەرێم کرد."