لە ھەولێر ٩٢ بەنزینخانە بەھۆی فرۆشتنی بەنزینی خراپ سزادراون
کوردسات نیوز
٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
لە راگەیەندراوی پارێزگای ھەولێردا ھاتووە، تەنیا لە ماوەی ٩ رۆژی رابردوودا ٥٠ بەنزینخانە لەھەولێر و دەوروبەری سزادراون، و لە مانگی رابردووشدا رێکاری یاسایی بەرامبەر ٤٢ بەنزینخانە گیراوەتە بەر.
پارێزگای ھەولێر دەڵێت، "ھاوڵاتییان و ھاوشاریانی خۆشەویستی شارەکەمان، دڵنیا دەکەینەوە تیمەکانی لیژنەی پشکنین و چاودێریکردنی بەنزینخانەکان بەردەوامن لەگرتنە بەری ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر ھەر کەس و خاوەن بەنزینخانانەیەک کە بەنزینی خراپ دەفرۆشنە ھاوڵاتییان و دەستکاری کوالێتی بەنزین دەکەن."
داوا لە ھاوڵاتییانیش دەکات، لەکاتی تێبینیکردنی ھەر جۆرە سەرپێچیەک لە بەنزینخانەکان و فرۆشتنی بەنزینی خراپ و دەستکاریکردنی کوالێتیەکەی لەزووترین کات ئاگاداری قائیمقامیەتی ناوەندی ھەولێر بکەنەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی پارێزگای ھەولێردا ھاتووە، "ئاگاداری خاوەن بەنزینخانەکان دەکەینەوە، لەمەودوا ھەفتانە ناو و شوێنی ئەو بەنزینخانانە بڵاودەکەینەوە کە سزادەدرێن."