کارئاسانی بۆ بازرگانەکان دەکرێت بۆ ھاوردەکردنی بەنزین و لابردنی باجی گومرک
٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کارئاسانی تەواوکراوە بۆ بازرگانەکان، بۆ ھاوردەکردنی بەنزین و لابردنی باجی گومرک لەسەر ھاوردەکردنی بەنزین.
ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی ھەرێم ڕۆژانە نزیکەی یەک ملیۆن لیتر بەنزین بەرھەم دەھێنێت بە نرخی ٦٩٠ دینار و لە ڕێگەی بەنزینخانەکانەوە دابەش دەکرێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جەختیکردووەتەوە، لە ڕێگەی لیژنەی تایبەتەوە چاودێری بەردەوامی بەنزینخانەکان دەکرێت، ھەر بەنزیخانەیەک کوالیەتی بەنزینەکەی خراپ بێت سزا دەدرێت.
باسی لەوەشکردووە، بڕیار بووە ڕۆژانە حکومەتی فیدراڵی یەک ملیۆن لیتر بەنزین بۆ ھەرێم بنێرێت، بەڵام لە نۆ مانگی ڕابردوودا نیوەی ئەو بڕە بەنزینەی ناردووە و لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵیشەوە ھیچ بڕە بەنزینێک نەنێردراوە بۆ ھەرێمی کوردستان.