ئەمین بابەشێخ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندیەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە شاری سلێمانی پێشوازی کرد لە بەرێز "رادۆ ئۆکتاڤیان دۆبری" باڵیۆزی رۆمانیا لە عێراق. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەر و پرسێکی گرنگ و ھەنوکەیی کرا.

ھەردوولا جەختیان لە بەھێزکردنی پەیوەندیەکانی نێوان رۆمانیا و عێراق و ھەرێمی کوردستان کردەوە و بە پێویست زانرا کە لە دوای قۆناغی جەنگی دژی داعش و پەتای کۆرۆنا، جگە لە پەیوەندیە ئاسایشی وسەربازی تەندروستیەکان بۆ لەمەودوا برەو بە پەیوەندی لە بوارەکانی تریشدا بدرێت، لەو میانەیەشدا باڵیۆزی رۆمانیا ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ بەھێزکردنی ھەماھەنگی و پەیوەندیەکان لە بوارەکانی ئابوری و بازرگانی و خوێندنی باڵا و کشتوکاڵ و کەرتە گرنگەکانی تریش. 

لای خۆیەوە ئەمین بابەشێخ خۆشحاڵی خۆی بە پێشنیارەکانی باڵیۆز دەربڕی و ئەوەی خستەڕوو کە رۆمانیا بۆ ھەرێمی کوردستان وعێراق، وڵاتێکی گرنگە ودەکرێت لە گشت بوارەکان پەرە وگەشە بە پەیوەندییەکانمان بدەین،  و لە ئێستادا ڕەوەندێکی گەورەی کوردیی لەو وڵاتە دەژین بۆیە پێویستە رێگا و ھۆکاری جیاواز بدۆزینەوە بۆ بەھێزکردنی پەیوەندیەکان و ھەوڵ بدرێت یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن بگۆڕین بۆ گرێبەستی کارکردن لە بوارە جیاوازەکاندا. 

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەشدا باس لە پرس و کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان کراو ئەوە خرایە ڕوو کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دید و ھەڵوێستی نەگۆڕ و ھاوسەنگی لەسەر کۆی کێشەکان ھەیە و جەخت دەکاتەوە کە پێویستە تەواوی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستورو بە دانوستان و لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێن، ھەرچی زووە حکومەتێک پێکبھێنرێت کە خزمەتگوزاری خەڵک بێت، نەوت و غازیش کە دوو سەرچاوەی داھاتی سەرەکین لە عێراق بۆ خزمەتی خەڵک و چارەسەری کێشەکانیان بەکاربھێنرێن و قوت و بژێوی خەڵک نەخرێنە نێو ململانێ و ئاڵۆزیە سیاسیەکانەوە.