سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پێشوازی لە پەرلەمانتارە سەربەخۆکان کرد
کوردسات نیوز
٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و وەفدی نوێنەرانی پەرلەمانتارە سەربەخۆکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. ٧ی ٦ی ٢٠٢٢. فۆتۆ: کوردسات نیوز.
لە کۆبوونەوەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و خالید شوانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، وەفدی میوان ئامانجی سەردانەکەیان بۆ ھەرێم و دەرئەنجامی دیدار و گفتوگۆکانیان لەگەڵ لایەنەکانی ھەرێم وعێراق و دەستپێشخەرییان بۆ ڕزگاربوون لە قەیران و ئاستەنگەکانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق خستەڕوو و داوایان لە بافڵ جەلال تاڵەبانی کرد ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری وەک سەرۆک مام جەلال بگێڕێت لەھێنانەکایەی زەمینەیەکی لەبار و گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی حەکیمانە.
راشیانگەیاند، سەرۆک بافڵ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێگەیەکی گەورە و کاریگەریان ھەیە لە کۆکردنەوەی دژەکان و دەربازکردنی عێراق لەو دۆخە سیاسییە چەقبەستووەی تێیکەوتووە.
لەبەرامبەردا بافڵ جەلال تاڵەبانی ئامانجی سەردانەکەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکان بۆ وەفدی میوان روونکردەوە و رایگەیاند، ئامانجی ئێمە روون و ئاشکرایە و ھەوڵەکانمان لەپێناو لێکتێگەیشتن و رێککەوتنێکی نیشتمانییە لەپێناو بونیادنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار کە عێراق بەرەو کەناری سەقامگیری ببات.