دەربارەی پڕۆژە یاسای ئاسایشی خۆراک فراکسیۆنە کوردستانییەکان ھەڵوێستی خۆیان دەخەنەڕوو
کوردسات نیوز
٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
"نەرمین مەعروف" ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، لە پڕۆژە یاسای پاڵپشتی ئاسایشی خۆراک بابەتی کۆبۆنی خۆراک و شایستەکانی جووتیارانی ھەرێم چەسپێندراوە و لەگەڵیدان و ٣٠٨ ملیار دیناریان بۆ دیاری کراوە، بەڵام لەگەڵ بڕگەی پەرەپێدانی پارێزگاکان نین، چونکە مافی نەداوە بە خەڵکی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا بڕی ئەو پارەیەش کە بۆ ئەو بڕگەیە دابین کراوە بۆ ٨ ترلیۆن دینار زیاد کراوە و ئەوەش گومانەکانی لەسەر ئەو بڕگەیە زیاتر کردووە.
وتیشی، سبەینێ وەکو لایەنە کوردییەکان دەنگ بەو بڕگانە دەدەن کە پەیوەندی بە بەرژەوەندی خەڵکی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە بەڵام ئەو بڕگانەی ھیچ مافێکی خەڵکی ھەرێمی تێدا نییە دەنگی پێنادەن. بڕیاریشە ڕۆژی چوارشەممە پێشنیازە یاساکە لە ئەنجومەنی نوێنەران بخرێتە دەنگدانەوە.