"ھەرێم کەمال ئاغا" سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و ئەندامانی لیژنەی دارایی سەبارەت بە پڕۆژە یاسای پاڵپشتی فریاگوزاری ئاسایشی خۆراک کۆبوونەوە و بڕیاردرا تەنیا دەنگ بەو بڕگە و ماددانە بدەن کە لە بەرژەوەندی خەڵکی عێراق و ھەرێمی کوردستانە، سەبارەت بەو پرسەش یەک دەنگن.

وتیشی، ئەو بڕگانەی لە بەرژەوەندی خەڵکە پێکھاتووە لە چاودێری کۆمەڵایەتی و کۆبوونی خۆراک و کارەبا و پارەی گەنمی جوتیاران، بەڵام بڕی ٨ تریلیۆن دینار بۆ پەرەپێدانی ھەرێمەکان دیاریکراوە، ئەوەش ھەرێمی کوردستانی لێ بێبەشکراوە، لەبەرئەوە دەنگ بەو بڕگەیە نادەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە پێشنیازە یاساکە لە ئەنجومەنی نوێنەران بخرێتە دەنگدانەوە.