دەقی پەیامەکە ........

بەداخەوە لە ئێستادا گۆڕانی کەشوھەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی بە تەواوی ھەستیپێدەکرێت و داھاتووی مرۆڤایەتی رووبەڕووی ھەڕەشەیەکی مەترسیدار دەبێتەوە. ھەربۆیە لەروانگەی ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر ژینگە، وڵات و داھاتووی نەوەکانمان لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بەڵێنماندا تاوەکو یادێکی تری یەکێتی یەک ملیۆن نەمام لە ھەرێمی کوردستان بڕوێنین و بەشێک بین لە چارەسەر نەوەک تێکدان. بە خۆشحاڵییەوە ئێستا کار لەسەر پرۆژەکە دەکرێت و ھەڵمەتەکە دەستیپێکردووە.

‏‎ئەمڕۆش بەبۆنەی رۆژی جیھانیی ژینگەوە و وەک ئەرکێکی مرۆیی، نەتەوەیی و نیشتمانی رایدەگەیەنین کە لە بارەگاکانی یەکێتیی لە مەکتەبی سیاسی، مەکتەب و مەڵبەندەکان سیستمێکی نوێ جێبەجێدەکەین کە خۆی لە سوودوەرگرتن لە تیشکی خۆر و گۆڕینی بۆ وزەی کارەبا (سۆلار) دەبینێتەوە و بەچەند قۆناغێک پرۆژەکە جێبەجێدەکرێت. بەم ھەنگاوەش ھاوکار و پشتیوانی حکومەت و رێکخراوە دڵسۆزەکان دەبین کە کار بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان و رووبەڕووبوونەوەی ئەگەرە نەخوازراوەکان دەکەن.