وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم رایگەیاند، بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە عیراق و هەرێم زیادی کردووە و بەپێی دوایین ئاماری مانگی پێنجی ئەمساڵ، لە چاکسازییەکانی هەرێمدا ماددەی هۆشبەر زیاتر لە 1 لەسەر 4ی تاوانەکان پێکدەهێنێت.
کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم رایگەیاند، تاوەکو مانگی پێنجی ئەمساڵ هەزار و 576 کەس بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە لە چاکسازییەکاندا دەستگیر کراون، کە زیاتر لە 1 لەسەر 4ی سەرجەم تاوانەکانی دیکەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو ژمارەیە هەزار و 486 کەسیان لە رەگەزی نێر و 81 کەسیان لە رەگەزی مێن.
ئەوەشی خستە روو، بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێش ساڵی 2003 عیراق یەکێک بوو لە پاکترین وڵاتەکان لەرووی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە، بەڵام بەپێی دوایین ئاماری ساڵی 2021ی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە عیراق و هەرێمدا گەیشتووەتە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس.
کوێستان محەمەد وتیشی، لە ئێستادا بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی عیراق و هەرێمەوە، بوونەتە رێرەوی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر.