بەھۆی گرانی نرخی بەنزین شۆفێرانی تەکسی لە ھەولێر و دھۆک گردبوونەوە
کوردسات نیوز
٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
سەرەڕای گرانی نرخی بەنزین بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بۆرسەی جیھان، ماوەی چەند ڕۆژێکە نرخی ھەر سێ جۆرەکەی بەنزین لە ھەرێم ٢٥ دیناری دیکە زیادکراوە و زیاتر لە مانگێکە بەنزینی ٦٩٠ دیناری لە عێراقەوە بۆ ھەرێم ھاوردە نەکراوە.
بەو ھۆیەشەوە ئەمڕۆ شۆفێرانی تەکسی لە ھەولێر گردبوونەوە و رێگەی سەرەکی ھەولێر-کەرکوکیان داخست و دھۆکیش شۆفێرانی تەکسی ڕێگەی دھۆک-ھەولێریان داخست، لە ڕۆژانی ڕابردووشدا چەند جارێک شۆفێرانی تەکسی لە سلێمانی گردبوونەوە و داوایانکرد نرخی بەنزین بکرێت بە ٥٠٠ دینار.
کوردسات نیوز لە بارەی ھۆکاری گرانی نرخی بەنزین و چۆنییەتی چارەسەرکردنی ئەو گرفتە و ھەرزانکردنەوەی نرخی بەنزین، پەیوەندی بە "بەھمەن عەبدوڵا" وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی کرد، بەڵام ئامادەنەبوو ڕوونکردنەوەی لەسەر بدات.