پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ د. ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازیی لە ماریانا سێرێنی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کرد.

لە دیدارێکدا کە برونۆ ئەنتۆنیۆ، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و میکێلێ کامیرۆتا، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە ھەرێمی کوردستان ئامادەیبوون، باسی دۆخی سیاسیی عێراق، ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان و ئاڵنگارییەکانی بەردەم پڕۆسەکە کرا.

سەرەتا د. ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمان، سوپاس و پێزانینی خۆیانی بە جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ڕاگەیاند لە بەرامبەر ئەو ھاوکارییە سەربازی و پشتیوانییانەی کە وڵاتی ئیتاڵیا لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا لەگەڵ ھاوپەیمانان پێشکەشی ھەرێمی کوردستانیان کرد.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا سەرۆکی پەرلەمان تیشکی خستە سەر چەندین لایەنی پەیوەست بە ئازادییەکان لە ھەرێمی کوردستان و پرسی ژنان و مافی پێکھاتە ئاینی و نەتەوەییەکان و ڕایگەیاند: "ئەو یاسایانەی کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوون تایبەت بە پاراستنی مافی ژنان بە ‌گشتی، پێکەوە ژیانی ئاین و نەتەوە جیاوازەکان، بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکە، لە باشترین یاساکانن".

وتیشی، "پێکھاتە جیاوازەکانی عێراق کاتێک ھەڕەشە دەکەوێتە سەر ژیان و گیانیان، پەنا دەھێننە بەر کوردستان، لەم ڕووەوە ئێمە شانازی بەو فرەیی و پێکەوەژیانە دەکەین کە لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە". 

ھەروەھا سوپاسی ماریانا سێرێنی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیای کرد کە لە ماوەی ڕۆژانی مانەوەیدا لە کوردستان بە پەرۆشییەوە چاودێریی ڕەوشی ژیانی کۆمەڵایەتیی ژنانی کردووە و سەردانی شەڵتەرەکانی پاراستنی ژنانی کردووە لە ھەولێر، بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخی ژیان و گوزەرانیان و بەدواداچوون بۆ گرفتەکانیان.

لای خۆیانەوە ماریانا سێرێنی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەوەی کە ژنێک لە ھەڕەمی دەسەڵاتەکانی ھەرێمی کوردستان دەبینێت و سەرۆکایەتیی دامەزراوەیەکی گرنگ و کاریگەر دەکات لە ھەرێم، ھاوکات سوپاس و پێزانینی خۆیانی دەربڕی بۆ پێشوازیلێکردنیان و خستنەڕووی ئەو زانیارییە گرنگ و بە بایەخانەی کە لەلایەن بەڕێزیانەوە خرانە ڕوو.

ھەر لە دیدارەکەدا ھەردوولا جەختیان لە گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان کردەوە، لەسەر ئاستە جیاوازە دیپلۆماسی و سیاسییەکاندا بە گشتی.