فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی ھەرێم لە ڕاگەیەنراوێکدا لەبارەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی تایبەت بە دۆسیەی نەوت و گازی ھەرێم ڕایگەیاند، تائێستا ھیچ یاسایەک بۆ دامەزراندنی دادگای فیدڕاڵی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرنەچووە، بۆیە دادگای فیدڕاڵی ھیچ دەسەڵاتێکی دەستوری نییە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بە گوێرەی ماددەی ١١٢ی دەستوری ھەمیشەیی، حکومەتی عێراق نەوت و گازی دەرھێنراو لە کێڵگەکانی ئێستا لەگەڵ حکومەتی ھەرێم و پارێزگا بەرھەمھێنەرەکان بەڕێوەدەبات و دابەشکردنی داھاتەکەشی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بە سەر دانیشتووان دابەش دەکرێت، لەگەڵ دیاریکردنی پشکێک بۆ ئەو ناوچە زیانلێکەوتووانەی کە لەلایەن ڕژێمی پێشوو، بێبەش کراون.