قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێم پێشوازیکرد لە مارینا سێرینی جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا و لە دیدارێکدا مارینا سێرینی رایگەیاند، ئیتاڵیا دۆستایەتی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بە گرنگ دەزانێت و دەیانەوێت بەھێزتر و پتەوتریشی بکەن و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ بەردەوامیدان بە ھاوکارییە سەربازیی و ئابورییەکان دەربڕی.

قوباد تاڵەبانیش جەختی کردەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بە تایبەتی لەڕوی ئابورییەوە، داواشیکرد حکومەتی ئیتاڵیا ھانی کۆمپانیا و وەبەرھێنەرەکانیان بدەن بێنە ھەرێمی کوردستان و بەشداربن لە پێشخستن و گەشەپێدانی ئابوری ھەرێم.

قوباد تاڵەبانی نیگەرانیشی دەربڕی لە چەقبەستویی پرۆسەی سیاسی عێراق و رایگەیاند، تائیستا گفتوگۆکانی نێوان لایەنەکان نەچووەتە قۆناغێکی دڵخۆشکەر و ناکۆکی سەرەکی لایەنەکانیش تائیستا لەسەر پۆست و ئیمتیازاتە و کاتی ئەوە ھاتووە ئەگەر ناکۆکی و کێشەش ھەبێت لەسەر سیاسەت و دیدی جیاوازبێت بۆ حکومڕانی.