وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە راگەیەندراوێکیدا دەڵێت، چاندنی یەک ملیۆن نەمام لەلایەن سەرۆکی یەکێتی خزمەتێکی راستەوخۆی ژینگەی کوردستان و دانیشتوانەکەی دەکات.

دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو:

بەناوی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پێشوازی دەکەین لەو بڕیارەی جەنابی کاک(بافل تاڵەبانی ) سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە دەستپێشخەری و لە ئەستۆگرتنی داچاندنی (یەک ملیۆن نەمام) لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان ،لە پێناو سەوزکردنی ژینگەی کوردستانمان .

ھیوادارین ئەم ھەنگاوە پیرۆزە ھاوشانی پڕۆژە خزمەتگوزاریەکانی تری حکومەت ،ببێتە بنەما و نەریت و مۆدێلی سیاسەتکردنی حزبەکانی کوردستان لە پێناو پێشبرکێی زیادکردنی پانتایی سەوزایی و پاراستنی ژینگە، کە خزمەتێکی راستەوخۆی ژینگەی کوردستان و دانیشتوانەکەی دەکات. بەتایبەتی لە دۆخی ئێستادا کە ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە ، روبەرووی گۆرانکاری خێرای کەش و ھەواو دیاردەی ووشکەساڵی و کەمبارانی و کەمئاوی و مەترسی تێکچوونی دۆخی ژینگە و ھاتنی شەپۆلێکی خۆلبارین لە ناوەراست و خواروی عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان . 

وەک وەزارەتیش لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان پاڵپشت و ھاوکاری ئەم جۆرە دەستپێشخەریانە دەبین و 
دەستخۆشی لە جەنابی کاک بافل دەکەین و پشتگیری تەواوی ئەم  ھەنگاوە ژینگە دۆستانەیەی دەکەین، کە بە جێبەجێکردنی دەبێتە مایەی پاڕێزگاریکردن لە ژینگەی کوردستان و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و ھاوسەنگی سروشت بۆ پاراستنی خاک و ئاو ، لە پێناو ئاسوودەی و ژیاندروستی ھاوڵاتیان ، لە ھەمان کاتدا، بەم ھەنگاوانە دەبێتە لانەی ئارامی ژیانی گیانلەبەرانی دارستانەکانمان لە ھەرێمی کوردستان.