راگەیاندنی مەکتەبی مامۆستا عەلی باپیر بڵاویکردەوە، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بەشداری لە "فێستیڤاڵی شکۆی قوڕئان" کرد کە لە ٢١ھەمین ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆمەڵ رێکخرابوو.

لە "فێستیڤاڵی شکۆی قوڕئان"دا عەلی باپیر وتارێکی لەژێر ناونیشانی "کاریگەریی‌و ڕۆڵی قوڕئان لە ژیانی مرۆڤدا" پێشکەشکرد و رایگەیاند، " ھەرکەسێک ئاشنای قوڕئان بێت‌و کارلێکی لەگەڵدا بکات، بەئەندازەی تێگەیشتنی لە قوڕئاندا سیفەتەکانی قوڕئان لەو کەسەدا بەرجەستە دەبن."
 
ھەروەھا عەلی باپیر وتیشی، "بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ئیسلام خەڵکی فێری ئەوە کرد کە حوکمڕان نوێنەری خەڵکە نەوەک نوێنەرو سێبەری خوا، لەلایەن خەڵکەوە ھەڵدەبژێردرێ‌و ھەر خەڵک‌و جەماوەریش دەبێتە چاودێر بەسەریەوەو دەشتوانن لە بوونی ھەر سەرپێچیی‌و گەندەڵییەک لایبەرن‌و بیگۆڕن، وە بۆ یەکەمجاریش ئیسلام خەڵکی فێری ئەوە کرد کە خێرو بێری کە لە زەویدا ھەیە بۆ ھەموو کەسێکە بێ جیاوازیی."