دیداری یەکێتی سەرکەوتوانە کۆتای ھات
٣١ی ئایاری ٢٠٢٢
دەقی ڕەگەیەندراوەکە:
ھەڤاڵان سڵاوی کۆتایی ھاتن و سەرکەوتنی دیداری یەکێتیتان لێ بێت..
ئەگەر ساڵان بۆ یادی دامەزراندنی یەکێتیی تەنھا ئاھەنگمان دەگێڕا و یادی شەھیدان و مامی رێبەرمان دەکردەوە، ئەوە ئەمساڵ جیاوازتر پێشوازیمان لە یادی دامەزراندنی حیزبە تێکۆشەرەکەمان کردەوە.
چ ئاھەنگێک لەوە خۆشتر و جوانتر و باشترە کە لەڕێی دیداری یەکێتییەوە بڕیاری پێداچوونەوە بە سیاسەت و داڕشتنەوەی روئیا و پلانی نوێ و گونجاو لەگەڵ ویست و داواکاریی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانمان داوە.
چ یادکردنەوەیەکی شەھیدەکانمان لەوە شایستەترە کە بڕیارمان داوە دیداری یەکێتی بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەت و ھەڵوێست و داڕشتنەوەی دید و روئیامان بکەینە نەریتێکی ساڵانە بۆ ئەوەی یەکێتی وەک ھەمیشە پێشڕەوی نوێگەری بێت لە کوردستاندا.
ھەروەھا چ رێزلێگرتنێک لە کادر و تێکۆشەرە دێرین و نوێیەکانمان لەوە راستگۆ و بە نرخترە کە لە دیداری یەکێتیدا راستەوخۆ بەشداردەبن لە دیاریکردنی سیاسەت و ھەڵوێستی حیزبەکەیان.
پێمان وایە کۆتاییھاتنی سەرکەوتووانەی دیدار و چەسپاندنی دیدار وەک نەریتێکی ساڵانە نوێکردنەوەی راستەقینەی یەکێتییە و بەمەش لە لایەکەوە جەژنی ئەمساڵمان بووە بە دوو جەژن و لە لایەکیتریشەوە بەم خۆنوێکردنەوەیە بە باشترین شێوە یادی دامەزراندنی حیزبەکەمان و یادی ئەو تێکۆشەرانەمان کردۆتەوە کە گیانی شیرینی خۆیان لەپێناو ئامانجەکانی یەکێتی بەخشی، یان بە یەکێتییەوە ماندووبوون و ڕەنجیان بۆ کێشاوە.
ھەڤاڵان دەمێک ساڵ بوو یەکێتی پێویستی بەوەبوو لە دەرەوەی دروشم خۆی نوێ بکاتەوە، دەمێک ساڵ بوو پێویستی بەوەبوو بۆ داڕشتنەوەی سیاسەت و روئیا بگەڕێتەوە بۆ ناو کادر و تێکۆشەرەکانی خۆی و بەشدارییان پێ بکات، ئەم ساڵ لەم دیدارە رەسمییەدا بە سەرپەرشتی ھەڤاڵ قوباد تاڵەبانی ، ئەم ھەنگاوە گرنگەمان دەست پێکرد. ئەمساڵ بە کردار سەلماندمان کە یەکێتی حیزبی کادرانە و رۆڵی کادران لەمەودوا لەناو حیزبدا زیاتریش دەبێت.
کاتێک حیزبێک دەبێتە حیزبی کادران و بە ھەزاران کادر لە شار و ناوچەی جیاوازەوە بەشدار دەبن لە دانانی سیاسەتی حیزبدا، بە دڵنیاییەوە ئەو حیزبە دەبێتەوە بە حیزبی کۆمەڵانی خەڵکیش، چونکە کادرانی یەکێتی ھەڵقوڵاوی ناو جەماوەرن و ھەڵگری خواست و داواکاری خەڵکن.
یەکێتی کە لەسەر بنەمای دوو چەمکی کوردایەتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دامەرزاوە، لەمەودوا ھەردوو بنەماکە لەخۆیدا بەھێزتر دەکات. لەم قۆناغەدا کە وڵاتەکەمان بە دەست کێشەی دادپەروەری کۆمەڵایەتییەوە دەناڵێنێت، بۆ لەمەودوا یەکێتی لە ھەموو سیاسەت و ھەڵوێستەکانیدا پرسی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بە بنەما دەگرێت و پەرەی پێ دەدات.
سەبارەت بە پرسی حکومڕانیش، وەک سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند پێشتر کەموکوڕی زۆرمان ھەبووە و ھەڵەی گەورە کراوە، بەڵام چیتر یەکێتی نەک ھەر رێگە بە دووبارەبوونەوەی ئەم ھەڵانە نادات، بەڵکو یەکێتی لەسەر ھەردوو ئاستی کوردستان و عێراقیش دەبێتە حیزبی پێشەنگ بۆ راستکردنەوەی رێڕەوەی حکومڕانی و بونیادنانی حکومڕانیی تەندروست.
حکومڕانی تەندروست لە روانگەی ئێمەوە تەنھا حکومڕانییەکی شەفاف و دەستپاک نییە، بەڵکو حکومڕانییەکی زانستیشە، بەو واتایەی نابێت بەپێی حەز و باوەڕی تاکەکەسی ھیچ ھەنگاوێک بھاوێژرێت، بەڵکو ھەر پلان و سیاسەتێک پێشتر دەبێت لەرووی زانستییەوە لەلایەن خەڵکی پسپۆڕ و ئاکادیمییەوە داڕێژرابێت و لە ئەنجامەکەی تا رادەیەکی زۆر دڵنیابین، بۆ ئەوەی چیتر ژیانی خەڵک بەھۆی ھەڵەی حکومڕانییەوە نەکەوێتە مەترسییەوە.
لە کۆتاییدا جارێکیتر یادی دامەزراندنی یەکێتی و کۆتای ھاتنی سەرکەوتووانەی دیداری یەکێتی لە ھەموو ھەڤاڵان و جەماوەری یەکێتی پیرۆز دەکەین و دەستی ھەموو ھەڤاڵانی یەکێتیی بەگەرمی دەگوشین و پێیان دەڵێین دەستتان خۆش و ماندوو نەبن و سوپاس بۆ ھەمووتان.
پێکەوە بەرەو جێبەجێکردنی راسپاردەکانی دیدار، دوای پەسەندکردنی لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی، و گەشانەوەی بەردەوام و تاسەری یەکێتییە تێکۆشەرەکەتان.
دیدارتان باش و ھەمیشە سەرفراز بن
لیژنەی باڵای دیداری یەکێتی
٣١-٥-٢٠٢٢


