مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە بۆنەی ٤٧ە مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتییەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە
٣١ی ئایاری ٢٠٢٢
دەقی ڕاگەینراوەکە ......
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان،
پێشمەرگە قارەمانەکان و
تێکۆشەرانی رێی رزگاری و خەباتگێڕانی ریزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان،
بە سڵاوێکی گەرمی ھەڤاڵانەوە پیرۆزبایی بیرەوەری (٤۷) ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی و (٤٦) ساڵەی دەستپێکردنەوەی شۆڕشتان لێ دەکەین.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە دۆخی دژواری دوای ھەرەس و بۆ سەرخستنی پرۆژەی رزگاری و سەرفرازی گەلی کوردستان و دابینکردنی ماف و داخوازییەکانی لەسەر بنچینەی مافی چارەنووس ھاتە کۆڕی خەباتەوە و سەرۆک مام جەلال و ھاوڕێ دامەزرێنەرەکانی دەستپێشخەریی مێژووییان کرد و دوای ساڵێکیش لە دامەزراندن سەدان ھەزار تێکۆشەر بوونە ھەوێنی دەستپێکردنی شۆڕشی نوێ و ئەم کاروانەی کە بەردەوامە ئامانجی گەورەی بەدیھێناوە و ھێشتا زۆری تریش ماوە کە بەدی بێنێت ، ئەم رەوتە لە خەبات و قوربانیدان بە رێبەری سەرۆک مام جەلال و بەگیانی پیرۆزی ھەزاران شەھید و رەنجی شانی سەدان ھەزار تێکۆشەر گەیشتە قۆناغی فیدرالی و سەرۆک مام جەلالیش بووە یەکەم سەرۆکی ھەڵبژێردراوی عێراقی دیموکرات و فیدرال.
ھەڤاڵانی خۆشەویست
لە کاتێکدا یادی ئەو ڕۆژە گەش و پڕ سەروەرییەی یەکێتی دەکەینەوە، رووداو گەلێکی زۆر لە سەر ئاستی جیھان و ناوچەکە و عێراق و کوردستان ھاتۆتە ئاراوە کە وامان لێ دەخوازێت یەکێتی بە ڕوانینێکی نوێیەوە رۆڵی کاریگەری خۆی ببینێت و ئەرکە نیشتمانی و نەتەوەییە تازەکانیش لەئەستۆ بگرێت. لەسەر ئاستی کوردستان وەک یەکێتی پابەندین بە پاراستنی یەکڕیزی ھێزە سیاسییەکان تاکو ئەم کۆ دەنگی و یەکگرتویەی گەلی کوردستان بکەینە بناغەی کاری ھاوبەشمان لەگەڵ لایەنە عێراقیەکاندا بۆ بەشدارییەکی کارای کورد لەپرۆسەی سیاسی، تەوافوق و شەراکەت، پاراستنی ئیستحقاقە نەتەوەیی و دیموکراتیەکان لە حکومەتی داھاتووی عیراقدا. ئەم جۆرەسیاسەتە بارودۆخی چەق بەستوو و ناھەمواری وڵات ئەخاتەوە سەر ڕێچکەی ڕاست و دروستی چارەسەرکردن و رێگا بۆ گەشەپێدانی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانیش دەکاتەوە.
ھەڤاڵانی تێکۆشەر
لەکاتێکدا یادی ئەو دوو بۆنە شکۆدارە دەکەینەوە، ئەمساڵ دیداری یەکێتیی بۆ نوێبونەوە و چاکسازی تێکەڵ بە یادە مەزنەکەمان بووە، ئەم دیدارە لەرێگەی بەشداری ھەڤاڵان لە ھەموو ئۆرگان و ناوچەکانەوە نەخشەرێیەکی تازەی کارکردن دەھێنێتە کایەوەو بە بڕیار و راسپاردەکانی لەسەر ھەموو ئەو ئاستەنگ و ئالنگارییانە دەوەستێت و رێگا چارەی نوێ بۆ خەباتی حزبایەتی و حوکمرانی پێشنیار دەکات، تا پێکەوە ئەم ئەرکە حزبی، دیموکراتی و نیشتمانییە سەر بخەین.
ھاووڵاتیانی خۆشەویست،
ھەموومان دەزانین ھەرێمی کوردستان بەرەو وەرزی ھەڵبژاردنەکان دەڕوا و یەکێتیی نیشتمانی کوردستانیش پشتیوانی گەرموگوڕ لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان دەکات لە ڕێی پێداچوونەوە بە یاسای ھەڵبژاردن و پێکھاتەی کۆمیسیۆن و پاکژکردنەوەی لیستی دەنگدەران، داواش دەکەین مشتومڕەکانی پەیوەست بە ھەڵبژاردنەکان بە زمانێکی ئارام و ھێمن بەڕێوە بچن. بۆ ئەوەی ئاشتی کوردستان زەمینەی پەرەپێدانی دیموکراسی و حوکمڕانی باشتر بخوڵقێنێ. بۆ ئەم مەبەستەش ھەڤاڵ سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئامادەیی یەکێتی دوپاتکردەوە بۆ گفتوگۆی بنیاتنەرانە لەپێناو ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد وەک لە چەند ڕۆژی ڕابوردوو راگەیاند «بۆ ئەوەی گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە حکومڕانی کوردستان بکەین».
جارێکی تر بەرز و پیرۆز بێت ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی و ھەڵگیرسانی شۆڕشی نوێ .
رۆحی شەھیدان شاد و یادیان ھەر زیندوو بمێنێت .
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان


