دانیشتوانی گوندی رەشکین سکاڵایان لەدژی پارێزگار و قائیمقامی ھەولێر تۆمار کرد
کوردسات نیوز
٣١ی ئایاری ٢٠٢٢
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، نوێنەری دانیشتوانی گوندی رەشکین لە ھەولێر رایگەیاند، "ئێمە وەک دانیشتوانی گوندی رەشکین ھەرگیز ماڵەکانمان چۆڵ ناکەین و بە مافی خۆمانی دەزانین."
نوێنەری دانیشتوانی گوندی رەشکین وتیشی، "ئەمڕۆ دانیشتنی دادگا بەڕێوەدەچێت، بەڵام تا ئێستا ھیچ نوێنەرێکی ئەو لایەنەی کە سکاڵاکەی لەسەر تۆمارکراوە ئامادەی دانیشتنی دادگا نەبووە."
راشیگەیاند، لەبەرامبەر خانووەکانی گوندی رەشکین، پارێزگا و قایمقامییەتی ھەولێر پێشنیازی ئەوەیان کردووە کە وەک قەرەبوو پارچە زەوییەک بدرێت بە خاوەن خانووەکان، بەڵام دانیشتوانی گوندەکە رەتیدەکەنەوە.
لە گوندی رەشکیندا نزیکەی ١٣٤ ماڵ ھەن، بەڵام ماوەیەکە لەلایەن پارێزگا و قایمقامییەتی ھەولێر نوسراویان بۆ ھاتووە کە دەبێت ماڵەکانیان چۆڵ بکەن بەبیانووی ئەوەی کە ئەو شوێنە زیادەڕۆیە.