سەعدی پیرە: دیداری یەکێتی بۆ خۆشگوزەرانی خەڵک و چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵکە
کوردسات نیوز
٣١ی ئایاری ٢٠٢٢
سەعدی ئەحمەد پیرە لە بەرنامەی بەیانی کوردسات نیوز رایگەیاند، "دەبێت ھەوڵی ئەوە بدەین، ئەو رەخنانەی کە دەگیرێن و کۆچکردنی گەنجان و و کێشەی خەڵک نادید نەگرین و چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە."
لەبارەی لێکنزیبوونەوەی یەکێتی و پارتی ، سەعدی ئەمەد پیرە رایگەیاند، دەبێت ھەردوولا بە زمانێکی شارستانی تر لەگەڵ یەک بدوێن و ئەو کۆبوونەوەیەی کە بەم دواییانە کرا دەبێتە ھۆی نەھێشتنی کۆسپ و تەگەرە لەبەردەم کۆبوونەوەکان.
دەشڵێت، "لە داھاتوویەکی نزیکدا کۆبوونەوەی جددی دەستپێدەکات لەنێوان یەکێتی و پارتی وەک دوو ھێزی سەرەکی و حکومڕان، ھەروەھا لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی تری ھەرێمی کوردستان."
راشیگەیاند، لە عێراق و وڵاتانی دەوروبەر ھەڕەشە لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەیە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە لایەنەکان دەڵێت لەئاست ئەرکەکانی خۆتاندا نین و ئەرکەکانتان بە باشی جێبەجێناکەن، دەشڵیت دەبێت ئەمە بە جددی وەربگرین.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتیشی، "ئەو نەوەیەی ئێستا لە دەسەڵاتدایە بەرامبەر بە ھەلێکی مێژوویی ئەرکێکی گەورە لەسەر شانێتی، یان دەبێت لە رێگەی دیالۆگ کارەکانی خۆی جێبەجێبکات، یان ھەرێمی کوردستان تووشی کارەساتێکی گەورە دەکات."



